شاعیر: هێمن
کتێب: شیعری ناو گۆڤارەکان 
سەرناو: جێژنی ئازادی
لەبارەی شیعر: ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٢، . ٢ی ڕێبەندان ١٣٢٤-٩ فوریە ١٩٤٦

نەوجەوانانی ژیر و وریای کورد
پیرەپیاوانی پیاو و ئازای کورد

بێچوە شێرانی چاپک و بێباک
تازە لاوانی میللی و خوێنپاک

نەونەمامانی باغچەی ئاوات
کاربەدەستانی حیزبی دیموکرات

ئەی ئەوانەی کە چاو بەگریان بوون
دژ و داماو، کز و پەرێشان بوون

بۆ وەتەن ڕۆژ و شەو دەگریان زار
دیتو لەو ڕێیەدا هەزار ئازار

بەش بڕاو بوون لە خۆشی و شادی
دەرکرابوون لە باغی ئازادی

موژدە بێ لێو کە پاش گەلێک زەحمەت
پاشی زۆر ڕەنج و تاڵی و مەینەت

پاشی تاڵان و جەنگ و دەربەدەری
پاشی کوشتار و شین و قوڕبەسەری

پاش وەی سەد مەزن، هەزار سەردار
لەسەر ئازادی ڕۆوینە سەر دار

پاشی وەی سەدهەزار کوڕی لاوچاک
دەستی دوژمنان: لە خوێن و خاک

گەوزی بوو دایکی بۆی لە سینگی دا
بەزەیی هات بە حاڵی ئێمە خودا

یاریدەی داین و کردیە مەئموور
بۆ نەجاتدانی کوردی، هۆردووی سوور

میللەتی کوردی بێکەسی ڕزگار
کرد، لەژێر چەنگی دوژمنی زۆردار

کوردەواری بەجارێ ئازاد بوو
کوردی غەمگین بە کەیف و شاد بوو

ئاشکرا هەڵکراوە بەیرەقی کورد
هاتەوە دەستی لاوی کورد حەقی کورد

تێپەڕی ڕۆژی ڕەش نەما دەمی خەم
ڕۆژی کورد هاتەدەر لەژێر مژ و تەم

بۆمە ئەو ساڵەکە چلۆن زستان
خۆشترە زۆر، لە مانگی جۆزەردان

گەرچی ئێستا نەماوە گوڵ لە چەمەن
وەک گوڵە ڕوومەتی کوڕانی وەتەن

ئیستەکانە تەواوی میللەتی کورد
کچ و کوڕ پیاو و ژن درشت و ورد

بێ خەم و لێو بەخەندە و شادن
بۆچی چونکو ئەوێستە ئازادن

ئەی برایانی میللی و دڵسۆز
ڕۆژتان باش و جێژنەتان پیرۆز

ئەوی ئاواتی ئێوە بوو دیتو
نیشتمان سەربەخۆ و ئازاد بوو

بەیرەقی جوانی ئێمەیە ئێستا
دەیشەکێنی لە هەر بڵیندێک با

کاری خۆمان بە دەستی خۆمانە
ئێستە با کوێربێ چاوی بێگانە

تا هەزار ساڵی دیکە ئیستالین
هەر بژی یاڕەبی: بڵێن ئامین

چونکە دەربەست حەقی زەعیفانە
لاگری دیل و بێ نەوایانە

بۆ ئەوەی بێکەسان بکا مەسروور
پایەدار بێ و بمێنێ هۆردووی سوور

پێشەوامان بژی لەبۆ خزمەت
کردنی، دین و مەزهەب و میللەت

ڕەبی هەر کەس کە دوژمنی کوردبی
هەردوو چاوی دەرێ و ملی وردبی

بمرە (هێمن) کە تۆ لەسەر زیادی
مایەوە، چونکو دیتت ئازادی